تەندروستی خانم دووگیانبوون دووگیانی

دووگیانی ده ره وه ی منداڵدان

2021/04/14

دووگیانی ده ره وه ی منداڵدان

ئاماده کردنی :هاوناز حه مه ره شید محمد

به کالریۆس له په رستاری ژنان و منداڵبوون

دووگیانی دەرەوەی منداڵدان بریتییە لە روودانی دووگیانی لە دەرەوەی ناوپۆشی منداڵدان واتە كاتێك هێلكە لەلایەن تۆوە دەپیتێنرێت ئەو كات هێلكە پیتراوەكە لە شوێنی ئاسایی خۆی كە ناوپۆشی منداڵدانە جێگیر نابێت بەڵكو هەر لە جۆگەی فالوب یان هێلكەدان یان ملی منداڵدان یان لە بۆشایی سكداجێگیر دەبیت،بێگومان لەم كاتەدا كۆرپەلە لە شوێنی ئاسایی خۆیدا نیە تاوەكو بواری هەبێت دەست بە گەشەكردن بكات و گەورە ببیت

دەبێت ئەم دووگیانیە كۆتایی پێبێت چونكە مەترسی لەسە ر ژیانی خانمەكە دروست دەكات زۆربەی كات پێش ئەوەی دیاری بكرێت لە شوێنی خۆی دەتەقێت ،هیج نیشانەیە كی دیاریكراوی وای نیە كە دڵنیامان بكات ئایا ئەوە سكپرییەكی ئاساییە یان لە دەرەوەی منداڵدانە بۆیە دەبیت لەگەڵ هەر دووگیانی بوونێكدا ئاگاداربین تاوەكو ئەگەر نائاسایی بوو زوتر دەست نیشانی بكەین  و مەترسی لەسەر ژیانی خانمەكە دووربكەینەوە.

هە روەكو دووگیانبوونی ئاسایی رەنگە  خانمەكە هەست بە ماندوبوون و دڵ تێكەڵهاتن و ڕشانەوە بكات كاتێك پشكنینی دووگیانی دەكات لەماڵەوە ئەنجامەكەی پۆزەتیڤ دەبیت و رەنگە دواتر هەست بە ئازاری توندی سك بكات و خوێن لە دەرچەی زێ وە ببینێت.

ئەگەر هاتوو نیشانەكان بەم جۆرە بوون پێویستە خانمی دووگیان بە نزیك ترین كات سەردانی نەخۆشخانە بكات

ئازار لەناوچەی سك و حەوز: ڕەنگە ئازارەكە بێت و نەمێنێت یاخود بۆ ماوەیەكی كەم بەردەوام بێت بە شێوەیەكی توند،رەنگە ئازارەكە توندتر ببێت لە كاتی جوڵە و میزكردن و كۆكە ،زۆربەی كات ئازارەكە  لە لایەكی سكەوە بێت بەڵام دەشێت لە هەر بەشێكی سكدا هەبێت .

بینینی خوێن لە دەرچەی زێ :لە پاش ئەوەی پشكنینی دووگیانی كراوە و دە ركە وتووە كە خانمەكە دووگیانە بە ڵام خوێن دەبینێت و هەست دەكات كە سوری مانگانەی دەستی پێ كردۆتەوە، رەنگە خوینەكە گەش بێت و رەنگی سور بێت یان قاوەیی بێت دەشیت هەندێك جار خوێنەكە وشك بێت لەوانەیە ئەم خوینە بەردەوام  یان بە شیوەی دڵۆپە ببینێت.

ئازاری شان : ئازاری سك و بینینی خوین نیشانەیە بۆ چەندین كێشەی تەندروستی بەڵام ئازاری شان و مل لە كاتێكدا كەخانمەكە بەم نزیكانە زانیویەتی دووگیانە بە تایبەت كاتێك پاڵدەكەوێت نیشانەیەكی دیاری تەقینی دووگیانی دەرەوەی منداڵدانە پێویستی بە خێرا چوون بۆ نەخۆشخانە هەیە، ئەم ئازارە لە ئەنجامی خوین بەربوونی ناوەوە روودەدات كە هانی هەستە دەمارەكان دەدات بەرە و شان.

ئەگە ر دووگیانی بوونەكە لە ناو جۆگەیی فالووبدا جیگیر بوبیت و تە قیبێت ئە وكاتە هەست بە نیشانە كانی لە هۆش خۆچوون دەكرێت وەك بێهێزی،زیادببونی لێدانی دڵ، زەرد هەڵگەران،سەرسوڕان لەم كاتە دا پێویستە دەست بەجێ خانمەكە بچێتە نەخۆشخانە.

گرنگترین شت ئەوەیە كە خانم ئاگاداری خۆی بێت هەركات زانی كە دووگیانە پەیوەندی بە كەسی پسپۆرەوە بكات

لە هەردوو حاڵەتەكەدا كەئەگەر ئەو دووگیانییە تەقیبێت یان نا، خانمەكە پێویستی بە چاودێری تەندروستی تایبەت دەبێت بۆیە لەكاتی بوونی ئەو نیشانانەدا پێویستە دەست بەجێ سەردانی كەسی پسپۆر یان نەخۆشخانە بكات.

دووگیانی هێشووە یی : یە كێكە لە دە گمەنترین بارە ئاڵوزییەكانی دووگیانی، لە سە رەتایی ڕوودانی دووگیانی (پیاتاندنی هێلكە ) روودە دات بە هۆی ناتەواوی گە شەكردنی بەشەكانی وێلاش و كۆرپەلە ئەم دیاردەیە پەیوەندی بە وێلاشەوە هەیە، كە لەسەرەتایی دووگیانیدا دروست دەبێت،كە ڕەگ و لقەكانی وێلاش دەگۆرێن بۆ چیكڵدانەی پڕ لە شلەمەنی و شێوەی هێشوی ترێ وەردەگرن.

لە رووی زانستییە وە هۆكارەكانی بەروونی نەزانراوە بەڵام ئەوە زانراوە كە، روودانی ئەم دووگیانییە بەهۆی شتێكەوە نییە كە ژن یان پیاوەكە ئەنجامی بدەن .

نیشانە كانی دووگیانی هێشووی : لە زۆربەی ئەو خانمانەی كە ئەم دووگیانی بوونە یان دەبێت هیچ نیشانەیەكی دیاریی كراویان نابێت  كاتێك دەزانن كە رۆتینی سۆنەر دەكەن لە ١١_١٣ هەفتەی دووگیانی

نیشانە دیارە كانی بریتین لە :

١ بینینی خوێن لە دەرچەی زێ كە رەنگی تاریكە و بەشێوەیەكی پچڕ پچڕ دێت .

٢ هێلنج و رشانەوەیەكی زۆر لە بەیانیان .

٣ گەورەبوونی سك بە خیرایی .

٤ ئازاری سك .

بە پشكنینی خوێن و سۆنە ر دە ست نیشان دە كرێت

لە كاتی بوونی دووگیانی هێشووی، رێژە ی هۆرمۆنی BHCGs بە رێژەیەكی بەرزتر لەبوونی دووگیانی ئاسایی بەرز دەبێتەوە، لە سۆنەردا بە ئاسانی دەبینرێت و دە ست نیشان دەكرێت

چارەسەركردن: هەر كاتێك حاڵەتەكە دەست نیشان كرا پێویستە سەردانی كەسی پسپۆر بكرێت چونكە پێویستە خانە نائاساییە كان لاببرێن لە رێگەی نەشتەرگەری كە پێ ی دەوترێت *كورتاج [بەپێدانی دە رمانی تایبە ت ملی منداڵدان دەكرێتەوە و بە بەكارهێنانی چەند ئامێرێكی شێوە مقەستی خانە ناساییەكان دە هێنرێنە دەرەوە تاوەكو منداڵدان چۆڵبكەن لە پاشماوەكانی دووگیانییەكە كە بریتین خانەكانی كۆپەلە و وێڵاش

لە دوای ئەم چارەسەرە خانمەكە خوێن دەبینێت رەنگە بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ هەفتە بخایەنێت، هەندێك لە خانە دەرهاتووەكان لە كاتی چارەسەردا دەنێردرێن بۆ تاقیگە تاوەكو پشكنینی بۆ بكرێت، هەروەها پشكنینی هۆرمۆنی BHCGsدەكرێت بۆ ماوە ی ٦بۆ١٢ مانگ تاوەكو بزانرێت هیچ خانەیەكی نائاسایی بوونی هەیە و دەستی بە گەشەكردبێت ئەگەر هاتوو بەو جۆرە بوو ئەوا دەبێت دووبارە چارەسەر وەربگرێتەوە .

لە دوای وە رگرتنی چارەسەر پێویستە كە بۆ ماوە ی ٦ مانگ چاوەرێ بكەیت و دووگیان نەبیتەوە تاوە كو ئەو هۆرمۆنە دەچێتەوە ڕێژەی ئاسایی، خۆ ئەگەر هاتوو چارەسەری پزیشكی ترت وەرگرت ئەوا دەبێت بۆ ماوەی ٦ مانگی تر چاوەرێ بكەیت و رێگری بكەیت لە دووگیان بوون تاوە كو بە دوور بیت لە دووبارە بوونەوەی ئەو جۆرەی دووگیانی .

لە رووی دە روونیە وە ، بە هەمان شێوەی لە بارچوون رەنگە خانمەكە تووشی نارەحەتی ببیت و بێتاقەت بیت بۆ ماوەی چەند مانگێك چونكە وا هەست دەكات كە كۆرپەلەیەكی لەدەست داوە بەڵام دەبێت ئەوە بزانێت كە ئەم حاڵەتە هیچ كاریگەری نابێت لە سەر دووگیان نەبوونت لە داهاتوودا، هەر كات هەستی بە نارەحەتی و بێزاری كرد بە تەنها  نەبێت لەگەڵ هاوسەرەكەی یان نزیكترین كەس یان هاورێی كات بەسەر بەرێت،ئەوەی لە بیر بێت كە زۆربەی ئەو خانمانەی ئەو حاڵەتە یان هەبووە و چارەسەریان وەرگرتووە دووبارە توانیویانە بە شێوەیەكی ئاسایی دووگیان ببنەوە .

error: Content is protected !!